خۆشەویستی رۆمانسی لە سەرمایەداری مۆدێرن دا
سەرمایەداری پەیوەندیی بەخۆشەویشتییەوە چییە؟ وەڵامەکە لە خەسڵەتی کۆمەڵگای سەرمایەداری بەکاربەردا ئەدۆزینەوە. هەڵبەت، سەرمایەداری توانیویەتی تێگەیشتن و چاوەڕوانییەکامان لەبارەی خۆشەویستی رۆمانسی بگۆڕێت بۆ چەندایەتی.
واتە، خۆشەویستی هەر وەک هەستێکی ناخەکی نامێنێتەوە، بەڵکو دەکەوێتەژێر کاریگەری ئابووری بازاڕەوە. بەتایبەت، سەردەمێک کە 'خۆتەوەری، تاکخوازیی و نرخی ئاڵۆگۆڕ' بنەمای پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان بەئەوینداریشەوە دائەڕێژێت.
ئەمڕۆ بازاڕی ریکلامە بازرگانییەکان بە براندنی بۆنی گرانبەها، گوڵی تایبەت، ژەمێکی ریستۆرانتێکی شیک و گەشتێکی گرانبەها و شتی نایاب بیرۆکەی رۆمانسیەتیان گۆڕیووە. خۆشەویستی رۆمانسی بە کاڵا دەقەبەڵێنرێت و نرخی لەسەر دائەنرێت. تاچەند پارەی تیاخەرجبکرێ، کێرفی خۆشەویستییەکە بەرز ئەنوێنێ!
ئالان دەبۆتن لە کتێبەکەی'[1]دا پێیوایە خۆشەویستی رۆمانسی، داهێنراوی سەرمایەداری مۆدێرنە. جگەلەوەش پێیوایە کە خۆشەویستی مۆدێرن لە 'بزاڤی رۆمانتسیزم' کە لەنیوەی سەدەی هەژدەدا بووە، داهێنراوە[2].
لەمەوە، ئەو لایەنە ئاڵۆزەکانی خۆشەویستی رووندەکاتەوە کە خۆشەویستی و ئەوینداری هەر ئەزموونێکی رۆحی و هەستوسۆزێکی سازگار نییە. نەخێر بەڵکو شتیکە بەندە بە چاوەڕوانییەکانمانەوە لەیەکتر، هەروەها بەندە بەپەروەردە و سەرمایەدارییشەوە.
دیارە، پێشتر مارکس باسی بەکاڵاکردنی خۆشەویستی لەرێی بەکارهێنانی چەمکی 'بەپیرۆزکردنی کاڵا/شمەک'ەوە کردووە. واتە، بەکارهێنانی کاڵاکان لە پەیوەندییەکۆمەڵایەتییەکانیشدا رەنگئەدەنەوە. هەر کاتێک کاڵا و شمەک هاتەنێو پەیوەندییە کۆمەڵایەیتەکانەوە، وەک دیاریبەخشین/وەرگرتن، ئیتر پەیوەندییەکە رەهەندێکیتری ئابووری وەردەگرێت. لێرەوە کاڵا دەبێتە بابەتێکی بنەڕەتی بەهادار و تەنانەت دەبێتە پێوەری سەلماندنی راستی و دڵسۆزی پەیوەندییەکەش.
جگەلەوەش، مرۆڤ هەر بە ویستی و خواست و بژاردەری خۆی کەسێک هەڵنابژێرێ، بەڵکو لەسۆنگەی بونیادە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانەوە بڕیارئەدات. بکەرە کۆمەڵایەتی و ئاوبوورییەکان راستەوخۆ پێوەر و بنەماکانی خۆشەویستی رۆمانسی دائەڕژن وەک ئەوەی تەنها بژاردەیەکی تاکەکەسی بێت.
زاڵبوونی دیمەن لە میدیا و تۆڕەکاندا وایکردووە 'ڤاڵانتاین' ببێتە رۆژەفێ کاتێ کەسێک هەواڵی سەپرایزی خۆشەویستەکەی دائەنێ کە گەشتیکی گرانبەهای بۆ ولاتێکی نایاب بەدیاری رێکخستووە، ئیتر هەموومان ئاوات بە بەختەوەریی ساتەکانی ئەو کەسە دەخوازین! لەکاتێکدا ئێمە هەر ئەوەندەی لە وێنەکە و گرتەڤیدیۆکەدا دیارە، پێمانوایە کە خۆشترین کات بەسەرئەبا، کەچێ نازانین واوەتر چی لە گەشتەکەیاندا بەڕاستی دەگوزەرێت!
بەڵام، ئەو ستۆریەی ئەو لەم رۆژەدا، بەجۆرێ خۆشەویستی رۆمانسییانە پیشان دەدات وەک ئەوەی هەستێکی بێوێنە و نەمر و دانسقەبێت کە هەموومان بکا بە کۆیلەی ئاواتخواستن بەساتێکی هاوشێوەی ئەو.
لە کتێبی "کۆمەڵگای بەکاربەر"یشدا فەیلەسوفی فەرەنسی 'ژان بۆدریار' ئەڵێ؛ لە جیهانیکدا کە بەکاربردن ئاڕاستەکەرە، ئەڤینداریش دەبێتە بەرهەم/کاڵایەک کە کڕین و فرۆش و نمایش و شانازیشی پێوەبکرێت.
بازاڕ وەک دامەزراوەیەکی ئابووری کاریگەری ئەم سەردەمە، تێگەیشتن و هەستکردنمان بە خۆشەویستی و رۆمانسیەت داگیرکردووە و گۆڕیوە. لەرێی ریکلام و کولتورەمۆدەباوەکەوە، دیدێکی ناواقعیانەی سەبارەت بە چیەتی خۆشەویستی بەرهەمهێناوە.
بەنموونە؛ پێوەری هەڵبژاردنی کەسێکی شیاو، ئەوەیە کەدەبێ پێرفێکتبێت تا بتوانێ هەموو هەستوسۆز و پیداویستی و خواستەکانمان فەراهەمکات.
چاوەڕوانییەکی گەورەی لادروستکردووین کە بووتە هۆکاری نائومێدبوون لە خودی پەیوەندییەکە. هاوکات زەمینەی خۆپەرستی/تاکخوازی تێدا خەستکردووینەتەوە کە مرۆڤ هەموو شتێک لەپێناوی خۆیدابکات. خۆتەوەرانە بیر لە هەستوەرگرتن و خۆشی و بەختەوەری بکەینەوە.
دەربڕینی خۆشەویستی رۆمانسی بە کاڵاکڕین، بەخشینی دیاری و ژوانی گرانبەهاوە گرێدراوەتەوە. ئیتر خۆشەویستی بۆ کاڵا کورتکراوەتەوە.
ئەمەش بارگرانییەکە بەهۆی هەبوونی چاوەڕووانی ناواقیعانە لەیەکتر. ئەو فشارەی کە سەرمایەداری دەیخاتەسەر پەیوەندییەکان و سەرکەوتنی خۆشەویستی بە گرانی کاڵاکانەوە دەبەستێتەوە. چەندەت لەگیرفاندا بێت، ئەوەندەش توانای پەیوەندی رۆمانسیت هەیە.
ئیتر، خۆشەویستی تەنها وەک فەراهەمکردنی حەزوخواستەکانی خۆت ببینی و هەرچییەکیش ئەو لایەنەت تێربکات، بە گرنگی دابنێت.
لەکاتێکدا، سەرمایەداری مۆدێرن بەردەوام هەستی تێرنەبوون لە دەرووندا تۆخدەکاتەوە بەوەی کە دەبێت شتەکان پێرفێکتبن. دەبێت خواستە ئایدیاڵەکانت بەدیبێنم ئینجا بەختەوەر دەبیت.
دواجار ئەمە نیگەرانی و توڕەیی و تۆرانی لای تاکەکان دروستکردووە. چونکە، ئەوەی لە خۆشەویستی رۆمانسی مۆدێرندا ئەزموون دەکرێ، بەردەوام هەستکردنە بەوەی کە شتێک نووقسانە و کورتیهێناوە. بۆیە، خۆشەویستی رۆمانسی داهینانێکیتری سەرمایەداری مۆدیرنە. بەڵام خۆشەویستی وەک هەست، هەر هەبووە و کولتوری کوردی دەیان داستانی خۆشەویستی ئەفسانەیی بەرهەمهێناوە.
بەردەوام بیر لەووتەیەکی دەروونشیکاری فەرەنسی 'ژاک لاکان' سەبارەت بە خۆشەویستی دەکەمەوە کە دەڵێ: کاتێک مرۆڤ دەکەوێتە خۆشەویستییەوە، ئەو راستییە بە خۆشەویستەکەی دەبەخشێت کە شتێک لە ژیانییدا بزرە، ئەو بۆشاییەی کە تەنها ئەویندارەکەی دەتوانێ پڕی بکاتەوە[3].
لەبەرئەوە، خۆشەویستی یەکلایەنە ئێشبەخشە. چونکە، تا چەند مرۆڤ درک بە نوقسانیەکانی بکات، پتر پەرۆشی کەسێکە کە پێیوایە ئەو دەتوانێ بۆی پڕبکاتەوە.
لێرەوە، درکاندنی هەستی 'خۆشەویستی' بەدیوێکدا، دەرخستنی راستییەکی شاراوە و داننانە بە نەووتراوێکی ناخی مرۆڤ؛ کە ئەویش هەبوونی کەلێن و بۆشاییەکی پڕنەکراوەیە. خۆشەویستیکردن، دەربڕینی نوقسانییە.
بۆیە، لەم درزەدەروونییەوە، بازاڕ دزەدەکاتە نێو پەیوەندییە هەستەکییەکانەوە و بەئامانجی خۆی لە دوولاوە ئاڕاستەی دەکات؛ جارێک خۆشەویستی رۆمانسی وەک کاڵا، جارێکیش کاڵا وەک پێوەری پڕکردنەوەی ئەو کەلێنە کە ناوی خۆشەویستییە.
[1] Essays in Love: Alain de Botton.
[3] “Loving is to give what one does not have” p. 34(repeated across Lacan’s work, starting from Seminar V, 7th May, 1958)

دەست خۆش دکتۆر گیان، بابەتێکی زۆر جوان پەیوەندی بە تاکبەتاکی کۆمەڵگەوە هەیە.
من وا تێدەگەم کە تەنانەت خۆشەویستیش بەلاڕێدا براوە لە دونیای بە ناو مۆدێرنەدا، بۆ چاوەڕوانی چاوەڕوانی ماددی بێت بۆچی ڕۆحی نەبێت؟ ئەوە مرۆڤەکان خۆیانن بەو ئاڕاستەیەی دەبەن، من بۆ خۆم وای دەبینم کە نەک تەنها بکەرە کۆمەڵایەتی و ئاوبوورییەکان راستەوخۆ پێوەر و بنەماکانی خۆشەویستی رۆمانسی دائەڕژن بەڵکو زۆر لەوانەگرنگتر بکەرە ڕۆشنبیری و معرفییەکانن، چونکە ئەوە تێگەیشتن بۆ بەرامبەر دەبێ ئاسانتر بکات ئەگەر هەردوو لا ڕاستگۆبن بۆ ئەو خۆشەویستی کردنە، تەماشابکە لە جوانترین دەربڕینەکان بۆ خۆشەویستی ڕاستەقینەدور لە ماددیات، کاتێک مرۆڤ دەکەوێتە خۆشەویستییەوە، ئەو راستییە بە خۆشەویستەکەی دەبەخشێت کە شتێک لە ژیانییدا بزرە، ئەو بۆشاییەی کە تەنها ئەویندارەکەی دەتوانێ پڕی بکاتەوە ئێ مرۆڤ چی بکات لە کاتێکدا ئەو بۆشاییە بەڵگەنەویستە نەک نەنگی.