فەیلەسوف و دەسەڵات لە روانگەی ئەفلاتون
بەسەرهاتی دادگاییکردن سۆکرات، پەیوەندییەکی ناسازی فەیلەسوف و دەسەڵات دەردەخات. چونکە، لە ئەسینای دیموکراسییدا، سۆکرات بە هۆی بۆچوونەکانییەوە تاوانبارکراو و بە ژەهرخواردنەوە ژیانی کۆتایی پێهات. ئەفلاتون لە شاکارەکەیدا-کۆمار- ئەو ناکۆکییە بە تێزێک چارەسەردەکات: گەلان بەختەوەرنابن هەتا فەیلەسوف نەبنە فەرمانڕەوا یان فەرمانڕەوایەک لەبەردەستی فەیلەسوفدا پێنەگات. وەکچۆن ئەفلاتون هیوای بەدیهاتنی بیرۆکەکەی لە کەسێتی ‘دیۆنیس’ دا بینی، ئاوەهاش ئەرستۆ ‘ئەسکەندەر’ی گەورەی پێدەگەیاند.
1- وێناکردنیبەریەککەوتنی دەسەڵاتدار و فەیلەسوف لای پلۆتارخ
یەکەم بەریەککەوتنی فەیلەسوف و دەسەڵاتدار، بەسەرهاتەکەی سۆکراتە. پاش مەرگی سوکرات دووەم بەریەککەوتن دێتەئاراوە، بە گەیشتنیەتی بە سیراکۆزا. کاتێک بانگهێشتیکردبوو. پلۆتارخی شوێنکەوتووی ئەفلاتون و مێژوونووس دیمەنێکی دراماتیکی ئەو بەیەکگەشتنەی ئەفلاتون و دیۆنیسۆس یەکەم وێنادەکات.
چونکە، رەخنەی لە ستەمکاریەکانی و نقوومبووی لە رابواردندا دەگرت. بۆیە، فەرمانڕەواکەی سیراکۆزا رێنمایی و ئامۆژگاریەکانی ئەفلاتون بەهەندوەرنەگرت و بە هەڕەشە لەسەر دەسەڵاتەکەی دادەنا.
کاتێک فەلسەفە نزیکی تەختی دەسەڵات دەبێتەوە، رەنگە بێلایەنی لە دەستبدات و بگۆڕێت بە چالاکییەکی مەترسیدار. پلۆتارخ لە باسکردنی ئەو درزەگەورەیەی لە نێوان فەیلەسوف/روناکببر و دەسەڵاتدایە، دەیەوێت بڵێت دووانەیەکن بە یەکناگەن.
لۆجیکی دەسەڵات، لۆجیکی فەلسەفە نییە. فەلسەفە بەدوای راستیدا وێڵە، ئامانجی دەسەڵاتیش بەردەوامیدانە بە دەسەڵاتەکەی لەرێی هێزەوە، نەک راستیی. هەر کاتێک فەیلەسوف توخنی دەسەڵات کەوت، بەدەردی سوکرات ئەچێت.
لە رووی سیاسییەوە ئەفلاتون پێگەی خۆی دۆڕاند و وەک کۆیلەیەک فرۆشرا. تەنها لە هەڵوێستە مۆراڵییەکەیدا براوەبوو! لە گێڕانەوەکەی پلۆتارخدا دیارە کە کایەی بیرۆکە شتێکە و پراکتیزەکردنی دەسەڵاتیش شتێکیترە. ئەوەی بۆ دەسەڵات چاکە، جیاوازە لە چاکە وەک بنەمایەکی باڵا.
سەرەڕای دیدە یۆتۆپیەکەی بۆ سیستمێکی سیاسی نموونەیی، لە دەستنیشانکردنی ئەرکی فەلسەفە و فەیلەسوفدا واقیعبین بووە. تێزی فەیلەسوف-شا، ئەوە دەگەینێت کە فەیلەسوف نابێت دوورەپەرێزبێت. دەبێت مومارەسەی دادوەری و چاکەی باڵا بکات. فەیلەسوف تەنها بیرۆکە نموونەییەکان گەڵاڵەناکات، بەڵکو دەبێت هەڵوێستی دلێرانەشی بەرامبەر دەسەڵاتی ستەمکار هەبێت.
2- تێزی فەیلەسوف-شا یان فەرمانڕەوای فەیلەسوف1
بیرۆکەی شافەیلەسوف پێش ئەفلاتون لە مێژووی شارستانیەتەکانی بابل دا هەبووە. دوو ئەگەر هەیە کە ئەفلاتون؛ یان لە گەشتەکانیدا بەرکەوتنی لەگەڵ ئەو هەبووبێت یان لە کەسێکیترەوە وەریگرتبێت[1]. چونکە پەیوەندی نێوان دانایی و دادوەری بۆ قانون و کۆدەکانی حامورابی دەگەڕێتەوە. حامورابی پێش ئەفلاتوون بەچەندان سەدە هاوبەندی لە نێوان دانایی و دادوەریدا کردووە و پێیوابووە دەبێت بەدانایی و زانینەوە فەرمانڕەوایەتی بکرێت[2]. سەبارەت بە وەرگرتن، بەڕای ‘کۆجین کارەتانی’ ئەفلاتون بیرۆکەی فەیلەسوف-شا لە ‘پرۆتاگۆراس’ەوە وەرگرتووە. لەبەرئەوەی کاراکتەری سۆکرات هی ئەوە نییە کە داوای پرسێکی وەهای کردبێت[3].
هەڵبەت، ئەفلاتون لە کتێبی حەوتی کۆمار دا بانگەشەی فەیلەسوف-شا دەکات. بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە؛ بۆچی ئەفلاتون بانگەشەی ئەو تێزە دەکات و پاڵنەرەکانی چین؟
رەنگە چەند پاڵنەرێکی جیاواز هەبن: یەکەم؛ ترس لە چارەنووسی فەلسەفە و فەیلەسوف بەتایبەت بەسەرهاتەکەی سۆکرات ئەو ترسە پشتڕاست دەکاتەوە. دووەمیان، حەزکردن بە دەسەڵات وەک پاڵنەرێکی بیرکردنەوە، چونکە خۆی لە چینیکی پێگەداری ئەسینا بووە. سێیەمیان؛ لەبەرئەوەی فەلسەفە و زانین لە بەڕێوەبردنی کاروباری وڵات جیانابێتەوە.
لە ئەزموونی سۆکراتی مامۆستایەوە دەرکەوت دیموکراسی بە دەنگی زۆرینە نەک هەر بۆچوونەکانی داناترین مرۆڤ ئەسینا رەتدەکردەوە، بە سزای مەرگیشی گەیاند. بۆیە، درووستکردنی پردێک لەنێوان فەلسەفە/دانایی و دادوەری/فەرمانڕەوایەتییدا بەنێوانگیری فەیلەسوفێک بکرێت. باشە؛ بۆچی تێزەکەی لە ژیانی خۆیدا هەڵوەشایەوە و پلانەکەی بۆ پێگەیاندنی فەرمانڕەوا سەرینەگرت؟
3- پەیوەندی ئەفلاتون بە فەرمانڕەواوە
هەڵبەت، یەکەم دەرفەتی چوونەنێو کایەی سیاسەت لای ئەفلاتون سەردەمی ‘سی ستەمکارەکەی’ ئەسینا بوو. سەروەختی شکستی ئەسینا لە جەنگی بۆلۆنێزدا، حوکمیان کردووە. دوو لە خزمەکانی ئەفلاتون ئەندامی ئەو دەسەڵاتە خراپەبوون و پێشنیاری کارکردنیشیان بۆ کردووە. بەڵام سەرەڕای گەنجێتی، ئەفلاتون پەی بە هەقیقەتی ستەمکارەکان کردووە و ئۆفەرەی رەتکردووەتەوە[4].
جگەلەوەش، دادگاییکردن و لەسێدارەدانی سۆکرات وانەیەکی راچڵەکێنەربووی بۆ ئەفلاتون کە هەرگیز لێی چاک نەبووەوە. بۆیە کاریگەری لەسەر بۆچوونە سیاسییەکانی دانا[5]. بێزاریش بوو لە چاوەڕوانیکردنی پێکهێنانی حکومەتێکی باشتر لە ئەسینا: “دواجار تێگەیشتم کە سیستمەکانی حوکمڕانی لە هەموو وڵاتان بەبێ جیاوازی خراپن و ناچارم بڵێم کە چیتر مرۆڤ ڕۆژانی باشتر ناژی، تا دەسەڵاتی سیاسی لەلایەن کەسانێکەوە کە بەڕاستی و دڵسۆزانە پەیڕەوی فەلسەفە دەکەن یان ... ئەوەانەی لە دەسەڵاتی سیاسیدان دەبنە فەیلەسوفی ڕاستینە[6].
بۆیە، دوای مردنی سۆکرات، ئەفلاتون لەگەڵ هەندێ هاوڕێیدا ئەسینایان بەرەو سیرەکۆزە لە سیلسی بەجێهیشت. لەلایەن ستەمکار ‘دیۆنیسیۆسی یەکەم’ەوە بانگهێشتکرابوو. لەوێش بوو بەهاوڕێی ‘دیۆن’ زاوای شای سیرکۆزا و ئەویش بوو بە نزیکترین شاگردی[7]. ئەم دەرفەتەش چەکێکی دووسەرەبوو: دیۆن خزمی دیۆنیسیوسی ستەمکار بوو، باوەڕی بەئازادی خەڵک لە باشترین رژێمی قانونیدا هەبوو. ئەفلاتوونیش ئەمەی قۆستەوە و لە دیۆندا گوێگرێکی باشی بینییەوە[8].
هەڵوێستەکەی دیۆن وەک هاتنەدەرەوەی ماسیەکە لە ئاوێکی لێڵ کاتێک دەستوپێوەندی گەندەڵ بوونە هۆی روخانی دیونیسۆیسی یەکەم. سیستمێک کە چێژ و زیادەڕەوی لە رابواردندا بە چاکەی باڵا دانا، وایکرد بەزمگێڕی بەسەر ژیانی خەڵکی سێراکۆزەدا زاڵبێت.
لەبەرئەوە، ئەفلاتون رەخنەی لە دیۆنیسیۆس گرت[9]. دواجار بووە هۆی کۆتاییەکی ناخۆش[10]. ئەفلاتون پێیووت؛ لەجیاتی ئەو رابواردنبازاڕە، باشترە بەدوای دادوەری و راستیدا بگەڕێت. بەختەوەری راستینە لە داوەرییدایە نەک رابواردن. تەنانەت ئەگەر مرۆڤ رۆحێکی دادوەر و هاوسەنگی هەبێت، بەختەوەرە با لەبندەستی کەسێکدا کۆیلەش بێت!
دیۆنیسوس ووتی ئەگەر کۆیلە بەختەوەرترە لە دەسەڵاتدارێکی ئازاد، با وەک کۆیلەیەک بیفرۆشین تا بزانین راست دەکات؟[11]. لەگەڵ یەکدوو هاوڕێی خرایە ناو کەشتییەکەوە وەک کۆیلە فرۆشرا، بەڵام هاوڕێکەی خۆی خستەجێی ئەو و بەئازادی گەڕایەوە ئەسینا[12].
، لۆجیکی فەلسەفی ئەفلاتون ئەوەبوو: چەندە دەسەڵاتداریش بیت، ژیانێکی پڕرابووردن بەسەربەریت، دواجار دەبیت بە کۆیلەی حەز و ئارەزووەکانت. خۆشییە هەستەکیەکان، مرۆڤ بچووکدەکاتەوە. بۆیە، ئەفلاتون لەسەر زمانی خۆی دەڵێت: “من، هاوڵاتییەکی ئەسینای، هاوڕێ و هاوپەیمانی دیۆ، چوومە لای ستەمکار بۆ ئەوەی پەیوەندییە دوژمنکارانە بە هاوڕێیەتی بگۆڕم؛ دژی بوختانەکانی شەڕم کرد، بەڵام شکستم هێنا. سەرڕەای ئەوەی دیۆنیسیۆس شەریفانە و بەهەموو دەوڵەمەندییەوە هەوڵیدا بەلای خۆیدا ڕامبکێشێت...و بەکارمبهێنێرت، بەڵام شکستێکی هێنا” [13]. لێرەدا، ئەفلاتون دەیەوێت بڵێ ئەو چاوی لەپێگەی دەسەڵات نەبووە.
4- ئایا دیکتاتۆرە فاشیستەکان بەرجەستەی بیرۆکەی ئەفلاتون شافەیلەسوفن
تێزەکەی ئەفلاتون دووچاری شکست هات. چونکە، پەرژانەسەر فەلسەفە، جۆریک لە خەیاڵڕاحەتی و ئاسودی هزری و هاوسەنگی دەوێت کە لە ژیانی فەرمانڕەوایەکدا نایەتەوە. جگەلەوەش، تائەم سەردەمەش خەڵکی چاوەڕووانی لە فەرمانڕەوایەکە کە لە سیاسەتی گشتی وڵاتدا، ژیانی بەڕێوەببات، سەقامگیری ماڵ و سامان و گیانی مسۆگەربکات. رۆڵی دامەزراوەیی خۆی بەجێبێنێت، نەک خەریکی چالاکی هزری و روناکبیری بێت. چونکە، لەرووی سایکۆلۆجیەوە، خەڵکی ئاسودەیی و سەقامگیری و مسۆگەرکردنی ژیانی بەلاو گرنگترە.
خەڵکی ئاسایی، گەڕان بەدوای راستی و زانینی هەقیەتی لە ئاسودەیی و سەقامگیری ناخەکی گرنگتر نییە. بەپێچەوانەوە، هۆکارێک کە مرۆڤەکان باوەڕی چەوت و هەڵەش پەیڕەودەکەن ئەوەیە نایانەویت، قەڵای دڵنیاییان بڕمێت. نیتچەش ئەو راستییە باشتر رووندەکاتەوە؛ سیاسەت کردارە نەک زانین/بیرکردنەوە. بۆیە دەڵێت؛ ‘زانین کردار دەکوژێت، کردار پێویستی بە پەردەی وەهمە[14].
لەلایەکیترەوە، تێزەکەی ئەفلاتون دووچاری شێواندن بوو. لە فەلسەفەی ‘سانت ئۆگستین’دا، گۆڕڕا بە فۆرمێکی دەسەڵاتی رەها لە بەرگی پاپایزمی سەدەکانی ناوەڕاست. هەروەها، لە ئەزموونی ئێرانیشدا، تێزی ‘وەلی فەقی’، گۆڕا بە دەسەڵاتێکی تیۆلۆجی رەهای بێڕکابەر. لە فۆرمەکانیتری حوکمڕانیشدا، موفتی و خەلیفە، بوونە دووانەیەک دەسەڵات رەها.
5- فۆرمێکیتر لە فەرمانڕەوا
دەکرێت فۆرمێکیتر لە فەرمانڕەوا هەبێت کە خاوەنی دانایی کردەیی بێت و لەکارەکانیدا داناییەکەی بسەلمێنێت. ئیمپراتۆری رۆمانی ‘مارکوس ئوریلیوس[15]‘ نامەی فەلسەفەی نووسیوە، ئەگەر نموونەی فەیلەسوف-شا ی ئەفلاتون نەبێت، ئەوا بەرجەستەکەرێکی داناییە کردەییە.
فەرمانڕەوا وەک پزیشکێ کە چارەسەری نەخۆش بکات، بێئەوەی پارە وەربگرێت. ئەگەرچی لە دوایشدا کرێیەک وەربگرێت، لەبەرئەوەی ژیانی لەسەر ئەو پیشەیەیە[16]. فەرمانڕەوایەتی پیشەیەکە و کارامەییەکە، دەبێت رابهێنرێت و پێبگەیەنرێت[17].
6- ئەنجام
لێکەوتەیەکی پارادۆکساڵی تێزەکەی ئەفلاتون لەوەدایە؛ ویستی فەرمانڕەوایەک بکات بە فەیلەسوف، بەڵام خۆی وەک فەیلەسوفێک کرا بە کۆیلە وەک سووکایەتی و بێڕیزیکردن پێی. هەروەها، ئەفلاتون لەچاوبڕینە رێنمایکردنی فەرمانڕەوا، بوو بەداوی دەسەڵاتەوە.
بۆیە، گێڕانەوەکەی پلۆتارخ سەبارەت بە ئەفلاتون، بەجۆرێک تراجدیایەکی سۆکراتیانەیە کە جارێکیتر دەریدەخات دەسەڵات دانوی لەگەڵ فەیلەسوفدا ناکوڵێت. دەسەڵات جگەلە سوکایەتی و سزادان، هیچ چەکێکی تری نییە بەرامبەر فەیلەسوف.
[1] Marx Van De Mieroop; Philosophy before the Greeks: The Pursuit of Truth in Ancient Babylonia. Princeton University Press 2016. p 175
[2] Marx Van De Mieroop،2016. p 175
[3] Kojin Karatani: Isonomia and the Origins of Philosophy. Duke University Press. 2017
[4] أنتوني جوتليب: حلم العقل: تاريخ الفلسفة من عصر اليونان إلى عصر النهضة الفصل الحادي عشر. مؤسسة هنداوي عام ٢٠١٤
[5] جوتليب
[6] جوتليب
[7] Lives of the Eminent Philosophers, Diogenes Laertius (bk. III, 46) Oxford University Press 2018
[8] جوتليب
[9] Laertius 2018, bk. III, 19) 2018& Plutarch Parallel Lives 2018, )5, 3–7)
[10] جوتليب
[11] https://aeon.co/essays/when-philosopher-met-king-on-platos-italian-voyages Nick Romeo:
[12] من سقراط الی سارتر: البحث الفلسفي، ت. ز. لاڤین ٢٠١٢ /٢٩
[13] Plato, Epistles - Seventh Letter (333d) Good Press 2021
[14] Nick Romeo
[15]Marcus Aurelius)161 to 180 AD (
[16] لاڤین٦٢-٣
[17] لاڤین ٧٩
https://www.researchgate.net/publication/385936190_mfhwm_alhakm_alnmwdhjy_drast_mqarnt_byn_aflatwn_makyafylly_w_antwny_ghramshyخوێنەر ئەتوانێت بگەڕێتەوە بۆ توێژینەوەیەکی پێشتر لەبارەی فەرمانڕەوای لێوەشاوە
